دیداری یەکێتی تروسکایەک بۆ داهاتوو
یەکێتی لە مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا حزبێکی خودان قوربانی و مێژوویەکی پڕ سەروەری بووە، ئەگەر بڕوانین لەم ماوە مێژووییەی کە یەکێتی پێیدا گوزاری کردووە دووچاری هەوراز و نشێو و ئاڵنگاری سەخت بۆتەوە، زۆربەی ئەو ئاستەنگانە بە دانایی سەرکردەیەکی فریادڕەسی وەکو مام جەلال و هەڤاڵانی توانراوە یەکێتی لەسەر پێی خۆی بووەستێتەوە، مخابن لە بۆشایی دیارنەمانی مام جەلال ڕۆژ دوایی ڕۆژ یەکێتی لە هەموو ڕوێکەوە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوشدا لە پاشەکشەدایە، بۆیە تێبینیی دەکرێ ئەو یەکێتییەی سەردەمانێک جێگەی هیوا و پەناگەی هەموو لایەک بوو، لە ئێستادا لەسەر شاڕێگەی خۆی ترازاوە، ئەوەش دۆخێکی ناهەمواری دروستکردووە، کە نەک هەر بەزیان بۆ ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی شکاوەتەوە، بەڵکو گورزێکی کەمەرشکێنی لە دۆزی کورد لە پارچەکانی تری کوردستانیش داوە و، لەهەمانکاتدا هاوسەنگی هێزی لە باشووری کوردستان ورد و خاش کردووە، کە بەمەش کۆمەڵانی خەڵک زەرمەند و گورزی یەکەمی ئەم دۆخەیان بەرکەوتووە، بەکاوەخۆش یەکێتی لە هەناویدا بەئاراستەی پاشەکشێی گەورە هەنگاوی ناوە، لە هەمووی قورستر هەڵبژاردن دوایی هەڵبژاردن دڵسۆزانی یەکێتی و کۆمەڵانی خەڵک سزای یەکێتی دەدەن و لێی دووردەکەونەوە، بۆیە ئەم دۆخە پێویستی بە خوێندنەوە و لێتوێژینەوەی قوڵی هەمەلایەنە و بابەتیانە هەیە، لە هەمان کاتدا ئەگەر بڕوانین لە مێژوو و سەنگی یەکێتی ئەوا ئاماری هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانە دڵخۆشکەرنین و مایەی شۆکی گەورەن و دەرئەنجامەکانی دەنگدان شایستەی مێژوو و قوربانیەکانی ئەو حزبە نین، بۆیە تاکە دەرچەی دەرچوونی یەکێتی لەم دۆخە نەخوازراوەی کە تێیکەوتووە و سەرتاپای جومگەکانی گرتۆتەوە، بەخۆداچوونەوە و چاکسازی و پاکسازییە، ڕەنگە چیتر مێژووە پڕ سەرەوەری و ڕابردوو دادی یەکێتی نەدا، ئەگەر لەم ڕووەوە هەنگاوی گەورە نەهاوێژێت بە ئاراستەی بەخۆداچوونەوە و ڕیفۆرمی ڕاستەقینەی بۆ ئێستا و ئایندە، بەپێچەوانەی ئەوە یەکێتی ڕووەو چارەنووسی نادیار و هەڵدێری هەنگاو دەنێ، بەمەش هەموو لایەک شەرمەزاری ئارامگەی شەهیدەکان و خەبات و ماندووبوونی تێکۆشەران و ڕۆحی مام جەلال دەبن، دواجار مێژوو ڕەحم بەکەس ناکات و قسەی خۆی دەکا! بۆیە دیداری یەکێتی وەکو شانس و دەرچەیەک لەبەردەم سەرتاپای هەڤاڵانی یەکێتیە، کە بە گیانێکی یەکێتییانە دوور لە هەموو بەرژەوەندییەکی کەسی پەنجە بخەنە سەر هەموو ئەو کێماسییانەی کە ڕۆڵیان هەبووە لە بەرکەنارکردن و پاشەکشێی یەکێتی لە گۆڕەپانەکە، لەبەرئەوە پێویستە لەسەر کۆی هەڤاڵانی بەشداری دیداری یەکێتی، کە بە گیانی بەرپرسانە و خوێندنەوەی قۆناغ و سەردەمەکە، هەموو جومگەکانی ئەو حزبە بخرێنە بەر نەشتەرگەری و چارەسەری بابەتیانە بۆ هەموو پرسەکان بدۆزرێتەوە، بەمەش ئاهێک بەرجەستە شەکەتەکەی یەکێتی دێتەوە و جارێکی یەکێتی دەبێتەوە بە ڕووگەی نشتیمانپەروەران و جێگەی هیوای ئازادیخوازان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان .