پەیامی جێگری سەرۆکی هەرێم بە بۆنەی بەڕێوەچوونی دیداری گشتیی یەکێتی

ڕاگەیاندن /

بڵاوکراوەتەوە: 2022-05-30

پەیامی جێگری سەرۆکی هەرێم بە بۆنەی بەڕێوەچوونی دیداری گشتیی یەکێتی

بەڕێوەچوون و سەرکەوتنی دیداری گشتیی یەکێتی لە ژێر دروشمی (نوێبوونەوە و چاکسازی) لەم کاتە پێویست و هەستیارەدا بەرز دەنرخێنم لە پێناو زاڵبوون بەسەر کۆی ئەو بەربەست و ئاڵنگارییانەی کە بەرۆکی هەرێمی کوردستان و ناوچەکەی بەشێوەیەکی گشتی گرتۆتەوە، هەروەها پیرۆزبایی خۆم لەدڵەوە ئاراستەی بەڕێز (بافڵ تاڵەبانی) دەکەم بە بۆنەی بوونی بە سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان، هیوام سەرکەوتنی بەڕێزیانە لەو ئەرکە پڕ زەحمەتییەی کە لە ئەستۆیانە.

هیواخوازم دیداری گشتیی یەکێتی هەوڵێک بێت بۆ نوێبوونەوەی توانا و قورسایی یەکێتیی و داڕشتنی سیاسەتێکی گونجاو کە لەگەڵ بارودۆخی ئەمڕۆی نێو کایەی سیاسیی ناوچەکە بگونجێت و ببێتە هۆکارێک بۆ دووبارە داڕشتنەوەی سیاسەت و دیدگای یەکێتیی بەرامبەر بە پرسە چارەنووس سازەکان، ئەنجامەکەی ئەو دیدارە ببێتە هۆکارێک بۆ ڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکانی نێو حزب، لەو چوارچێوەیە دا کار بکرێت بۆ ئاشتکردنەوەی کەس و کاری شەهیدان و پێشمەرگە دێرینەکان و زیندانە سیاسییەکان و لایەنگرانی یەکێتی، چونکە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان حزبی ڕووبارێک خوێنی شەهیدان و جەماوەرێکی دڵسۆزە، هەروەها خاوەن خەباتێکی پڕ لەشۆڕشگێڕی و ئازایەتی بووە بە ڕابەرایەتی مام جەلال.

گرنگە هەموومان بە یەکڕیزی و تەبایی هاوکار بین بۆ بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و هۆشیار، پاڵپشت بە کەسانی ئەکادیمی لە بوارە جیاوازەکان و بایەخدان بە گەنجانی ڕۆشنبیر و دڵسۆز بۆ خاک و نیشتیمان و بەشداری پێکردنیان بۆ نێو پڕۆسەی حوکمداری و دووبارە ڕێکخستنەوەی دامەزراوەکان، لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ڕێگریکردن لە بەهەدەردانی سامانی نیشتیمان و گەڕاندنەوەی بۆ خزمەتی گشتیی و دابینکردنی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک و جەماوەر.

ژمارەی سەردان:
© دیداری یەکێتی - 2023 - مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە.
chevron-down linkedin facebook pinterest youtube rss twitter instagram facebook-blank rss-blank linkedin-blank pinterest youtube twitter instagram