ديدگايەک بۆ تەندروستی لە ديداری یەکێتی
لە بنەڕەتدا خەباتی حيزبايەتی بۆ ديدگايەکی دياريکراوە بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە، کە هەرحيزبێک لە جيهاندا هەڵگری ئايدۆلۆژيا و دیدگایەکی تايبەت بە خۆیەتی کە بڵاویدەکاتەوە بەسەر هەموو سێکتەرەکانی ژيانی هاوڵاتيان و خەبات دەکات بۆ بەديهێنانيان. هەر ئەم ديدگا و ئایدۆلۆژیانە دەبنە خاڵی وەرچەرخان و جياکەرەوەی نێوان پارتە سياسيەکان و بەردەوام شەڕی ديموکراسی لە پێناودا دەکرێت، لە ئەنجامدا باڵانسێکی گونجاوی فەلسەفی دەڕەخسێت کە ئاراستەی حکومڕانی ووڵاتی تێدا لەنگەر دەگرێت، زۆرێک پێيان وايە کە ئەم شەڕە ديموکراسيانە هۆکاری سەرەکين بۆ پێشکەوتنی ووڵات.
لێرەدا پرسيار ئەوەيە لە کوردستان تا چەند هەست بە جياوازی ئايدۆلۆژی لە حکومڕانی دەکرێت لە کاتی بەڕێوەبەردنی دامودەزگاکانی حکومەت لەلايەن حيزبە جياوازەکانەوە؟ بۆ نموونە، ئايا چ گۆڕانکاريەک لە فەلسەفە وستراتيژی چۆنيەتی دابين کردنی خزمەتگوزاريەکان ڕوو دەدات کاتێک وەزارەتێک لە حيزبێکەوە دەکەوێتە دەست حيزبێکی تر؟ ڕەنگە زۆربەمان درک بەوە بکەين کە جياوازيەکان، ئەگەر هەبن، ئەوا زۆر کەمن. ئەمەش بە هۆی کۆمەڵێک لە هۆکاری جياجيا، پراکتيزەکردن و خەبات لە پێناو ئايدۆلۆژيا و ديدگای حيزبايەتی لە کوردستان بەرەو کاڵبوونەوە چووە لە لايەن پارتە سياسيەکانی کوردستان.
لە ساڵی ٢٠١٥ کاتێک من لە خوێندنی ماستەر و بۆردی حکومڕانی تەندروستی بووم لە ووڵاتی ئەمريکا، تەواو قوڵبووبوومەوە لەسەر فەلسەفە و ديدگا جياوازەکان لە جيهاندا لە دابينکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ هاوڵاتيان، کە لە ئەمريکا هەر پارتەو ديدگايەکی تەواو جياوازی هەیە لەگەڵ ئەوەی تر بۆ کەرتی تەندروستی و خەباتی بۆ دەکات. تەنانەت لە ديدبەيتەکاندا کانديدانی سەرۆکايەتی و ئەندامانی کۆنگرێس هەوڵی تەواويان دەدا لە پێناو ڕوونکردنەوەی ديدگای خۆيان سەبارەت بە سێکتەری تەندروستی. منيش بيرم لەوە دەکردەوە کە ئاخۆ دەبێت ڕۆژێک بێت لە کوردستانيش بير لە خەباتی ديدگا جياوازەکان بکرێتەوە بۆ سێکتەری تەندروستی و سێکتەرەکانی تر؟ هەر لەو کاتەدابوو کە لە یەکێک لە کۆنفرانسەکانی کوردستان بینیم کاک قوباد تاڵەبانی تەداخولێکی کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە حيزبايەتی دەبێت لە ڕێگای خەباتی فەلسەفيەوە بێت بۆ هەموو سێکتەرەکانی حکومڕانی، وە یەکێک لەم سێکتەرانەی باسی کرد سێکتەری تەندروستی بوو. بەبيستی ئەم پەيامە لە سەرکردەيەکی گەنجی کوردستان هیوایەک بوو کەوا هەنگاوی گەورەتری لێ ئەخوێنرايەوە، لەم چوارچێوەیەدا پێم وايە ديداری یەکێتيش هەر لەسەر ئەم باوەڕەوە سەرچاوەی گرتووە.
بەهۆی ئەوەی خزمەتگوزاری تەندروستی ڕاستەوخۆ پەيوەندی بە ژيانی هەموو هاوڵاتيەکەوە هەیە و کاريگەری زۆرە لەسەر بڕياری تاک بە تاکی دەنگدەران لە پڕۆسەی دەنگدان، بۆيە سێکتەری تەندروستی لە تەوەرە هەرە لە پێشينەکانی ديبەيت و ئەجێندای حيزبەکانە بۆ هەڵبژاردن. بەڵام لە بەرامبەردا لە کوردستان، سيستەمی تەندروستی و شێوازی دابينکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی هيچ ديدگايەکی دياريکراوی تێدا بەدی نەکراوە، تەنانەت لە هەڵبژادنەکانيش نەبۆتە تەوەری گفتوگۆو ئەجێندای سەرەکی حيزبەکان. وە لەم ڕووەوە یەکێتی نيشتيمانی کوردستان بەپرسياريەتی گەورەی لەسەرە بۆ کارکردن لە پێناو هەبوونی ديدگايەکی گونجاو بۆ کەرتی تەندروستی لە چوارچێوەی ديدگا گشتيەکەی سۆشيال ديموکرات. ئەمەش لە ڕووی ئەو خابەتە فيکريەی کە لە ڕابووردوودا هەيبووە لە چوارچێوەی یەکسانی کۆمەڵايەتی کە زۆر پەيوەستە بە کەرتی تەندروستیەوە.
لە کاتێکدا ڕەنگە زۆربەمان هاوڕابين کە کەرتی تەندروستی لە کوردستان بە تەواوی بێ بەش بووە لە بوونی ديدگایەکی تایبەت بەخۆی، جگە لەوەی کە سیستەمی تەندروستی بەگشتی سيستەمێکی ماوە بەسەرچووە، لە ڕووی تەکنيکيشەوە زياتر بريتی بووە لە کاربەڕێکردنێکی ڕۆتینی نەوەک حکومڕانيەکی پلان بۆ داڕێژراو و ئاراستەکراوی ستراتيژی.
لێرەدا ڕووی ڕەخنەکان زياتر ئاراستەی یەکێتی دەکرێن، بەهۆی ئەوە ئەزموونێکی زۆری هەبووە لە بەڕێوەبردنی کەرتی تەندروستی لە کوردستان کە نزيکەی ١٧ ساڵ وەزارەتی تەندروستی لابووە. کە لە ئێستادا کە ديداری یەکێتی شۆربۆتەوە بۆ گوێگرتن لە ڕەخنەکان و وەرگرتنی سەرنج و پێشنياری هەموو ئەندامانی، دەرفەتێکی زێڕينە بۆ پێداچوونەوە بە ستراتيژ و هەوڵدان بۆ ڕێکخستنەوەی کەرتی تەندروستی بە شێوازێکی مۆدێرن، بەجۆرێک هاوتەريب بێت لەگەڵ ديدگای حيزب و بگونجێت لەگەڵ هەڵکەوتەی جوگرافی و سياسی و ئابووری و کۆمەڵايەتی کوردستان لە ژێر چەتری سۆشياڵ ديموکراتيدا. هەروەها دەرفەتێکی کەم وێنەشە بۆ یەکێتی کە ئەسپی خۆی تاو بدات لە چوارچێوەی ديدگای سۆشيال ديموکرات بۆ یەکسانی کۆمەڵايەتی لە مەيدانی خزمەتگوزاری تەندروستی، بۆ ئەوەی ببێتە پیشەنگ بە هەبوونی ديدگاوە خزمەت بە کۆمەڵانی خەڵک بکات.
د. ڕێبين محمود أحمد
پسپۆری حکومڕانی تەندروستی
١٥/٤/٢٠٢٢