دیداری یەکێتی، پشکۆیەک بۆ گەشانەوە!
دهام سمکۆ
مامۆستای زانکۆ
گەشانەوە!
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، وەک هێزێکی سیاسی داهێنەر و پێشەنگ، پێشڕەو لە ناو بزووتنەوە سیاسیەکانی کوردستان و ناوچەکە، بە داهێنانەکانی و جوڵە سیاسیەکانی هەردەم خۆی جیاکردۆتەوە، زووتر پەی بە ڕووداوەکان بردووە، هەمیشە داهێنانی لە شێوازی خەباتیدا کردووە، هەژێنەری گۆمی چەقبەستووی سیاسی بووە لە کوردستان، بە جۆرێک کە یەکانگیر بێت لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم و هاوتەریب بێت لەگەڵ شیکردنەوە نوێیەکان بۆ چەمکە تازەکانی دونیای مۆدێرنیتە، ئەوەتا سەرکردایەتیەکەی لە قۆناغێکی هەستیار و ئاڵۆز و پڕ ڕووداو، لە ئاستی ناوخۆ و هەرێمی و جیهانی، تیمێکی خاوەن ڕووانینی نوێیان ڕاسپاردووە، کە لە ئایاری ئەمساڵ دیداری یەکێتی ڕێک بخات، ئەوانیش بە شێوازە نوێیەکانی جیهانی هەزارەی سێیەم و چەمکە ئەکادیمیە نوێیەکان، فۆڕومەک بۆ ئەم مەبەستە ڕێک دەخەن، کە بەندە وەک پشکۆیەک بۆ گەشانەوەی زیاتری یەکێتی دەیبینم، دەهێنێت ئومێدیشی لەسەر هەڵچنین و بۆ ئەرکەکانی لەسەرپێ بین.
داڕشتنەوە!
یەکێتی وەک هێزێکی نیمچە بەرەیی لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، توانیویەتی بە ڕەخساندنی زەمینەسازی فیکری و ئایدۆلۆجی و نیشتیمانی، هەموو خاوەن بیرە جیاکانی کۆمەڵی کوردەواری و کوردستانیان لە ناوخۆی خۆیدا کۆبکاتەوە، بە شێوەیەک هەموویان هەستیان کردووە ئەوە ئەوانن خاوەنی یەکێتین، ئەوەتا بۆ ئەمە مامی گەورە بە چەمکی (هەمووتان بە برا و خوشک و کەسی خۆم دەزانم، خۆشم هی هەمووتان)، ئەمە دەقا و دەق بەسەر پەیکەر و بیری یەکێتیش ڕەنگی داوەتەوە و ئەم دەستەواژەیەی لە ژیانی حیزبیدا فۆڕموڵە کردووە، پوختەی قسان لە ئێستادا ئەوەیە، یەکێتی دەیەوێ بەم دیدارە لە چوارچێوەی ئەرکە مێژوویەکانی، داڕشتنەوەی بەردەوام بۆ ڕووانینی بۆ پرسەکانی کاری سیاسی و جڤاکی، کە ببێتە هۆکاری داڕشتنەوەی خیتابی ڕوونی یەکێتی بۆ کۆمەڵی کوردەواری لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، ئەم دیدارە دەخوازێت ڕێک بە تاکی کوردستانیان بڵێت دەبێ تۆ پشتیوانی یەکێتی بیت و کار لەگەڵ یەکێتی بکەیت و ئەوەش پڕۆگرام و دونیا بینینمە و وەرە خەونەکانتی تێدا ببینەوە، وەرە خۆت پایەکانی ئایندەت بچەقێنە و خۆت بەردی بناغەی هیوا سەوز و سوورەکانت پایەماڵ بکە، بەڵێ یەکێتی دەبێ توێکاڵی وشکهەڵاتووی وەک کاژێکی دۆگما فڕێدا و بە ڕەونەقی زیاتر بگەشێتەوە و تێهەڵچێتەوە بۆ ئەرکەکانی سەردەم.
هەستانەوە!
لە کۆنگرەی چوارەمینی خۆیدا، یەکێتی مشت و ماڵی خۆی ڕێکخستەوە و وەک قۆناغێک خۆی نوێکردەوە، بۆ ئەرکەکانی هەستانەوەی کردە ئامانج، نەوەی نوێ جومگە بنەڕەتیەکانی گرتە دەست، ئەوەتا دەرئەنجامی ئەمە ئیردەی یەکێتی لە ململانێەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی ڕوون ڕوون دیارە، دەنگی زوڵاڵی یەکێتیانە لە داڕشتنەوەی سیاسەتی کوردستانی و عێڕاقی دیار و بەرچاوە، بەڵام یەکێتی وەک کانی ڕوون و ڕەوان بۆ ئەوەی تووشی تەڵخ و نا ڕوونی نەبێت، دەبێ سەرڕێژی بیری ڕەوان بکرێت و چەم و لقی کانی جیا جیا بڕژێنێتە ناو ڕووباری خەباتی خۆیەوە، هەر بۆیە دوای کۆنگرە و بە هەڵوەستە لەسەرکردن بۆ لێکەوتەکان و دیسانەوە خۆ گونجاندن لەگەڵ سەردەمەکە، ئەوەتا بەم دیدارە کار بۆ زیندووکردنەوە و هەستانەوەی خۆی دەکات، لە ڕێگەی داڕشتنی تیۆری ڕوون و میتۆدی بارگاویکراو بە کێشەکان و دۆزینەوەی دەرچەکانی چارەسەرکردن.