دیداری یه‌كێتی.... گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌رمایه راسته‌قینه‌كه
سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی له پێناو نوێكردنی دیدو سیاسه‌ته‌كانی یه‌كێتی سه‌باره‌ت به بوار‌و سێكته‌ره‌كانی كۆمه‌ڵگاو حكومڕانی وحزبایه‌تی بڕیارێكی واقعی وژیرانه‌ی بۆ به‌ستنی(دیداری یه‌كێتی) دا، تاكو له رێی ئه‌م نوێكردنه‌وه‌یه توانای ئه‌م حزبه بۆ خزمه‌تكردنی هاوڵاتیان و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان فراوانتر‌و قوڵتر بكات. ئاشكرایه كاریگه‌ریه‌كانی ئه‌م نوێبونه‌وه‌یه ره‌هه‌ندی ناوخۆیی و ده‌ره‌كیشی ده‌بێ.
له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی حزبدا دیاره بڕیاردان له‌سه‌ر به‌ستنی ئه‌م دیداره له قۆناخێكی زۆر هه‌ستیاری یه‌كێتیدا گه‌ڵاڵه بوه. پاش چه‌ندین ساڵ له لاوازبونی به‌ها سیاسییه‌كان و كۆمه‌ڵگاییه‌كان ئێستا یه‌كێتی بڕیار و هه‌وڵی نوێكردنه‌وه‌ی دیدو و دنیابینینی خۆی داوه، ره‌نگه بۆ به‌شێك له پارته سیاسییه‌كان كه له‌به‌ر چه‌ندین هۆكاری جیاواز‌و پراكتیكی ساڵانێكه له‌م دۆخه‌ی ده‌ژین ئاسایی بێت، به‌ڵام بۆ یه‌كێتی كه له بنه‌ڕه‌تدا له‌سه‌ر بنه‌مای فیكری~ ئایدۆلۆجی به‌هێزی كۆمه‌ڵه دامه‌زراو پاشان سۆسیال دیموكراتی كرده ناسنامه فیكری و سیاسی خۆی، ئاسایی نه‌بێ له قۆناخێكی مێژوویدا ناسنامه‌و جیاوازییه فیكرییه‌كان له‌ده‌ست بدات و له هه‌مان كاتیش‌دا پێشبینی ئه‌وه بكات سه‌ركه‌وتوانه سیاسه‌ت به‌ڕێوه ببات.
هه‌رچه‌نده ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه یه‌كێتی گیرۆده‌ی لاوازبونی ناسنامه‌ی فیكری و نه‌بونی دیدو سیاسه‌تی رون له‌مه‌ڕ كێشه‌كان بووه، به‌ڵام وادیاره له‌پاش به‌ستنی كۆنگره‌ی چواركه هه‌وڵ درا كۆنگره‌ی نوێبونه‌وه بێت ~ ئه‌م كێشه‌یه به‌تینێكی جیاوازه‌وه روبه‌ڕوی یه‌كێتییه‌كان بۆته‌وه و پرسیاری جددی لایان دروست كردوه. بونی سه‌ركردایه‌تییه‌كی نوێی یه‌كێتی كه به ئاشكرا هه‌وڵی گۆڕانكاری ونوێبونه‌وه ده‌دا له ئێستادا هۆكارێكی گرنگه بۆ به‌هێزكردنی خواسته‌كانی چاكسازی له رۆژگاری ئه‌مڕۆدا. به‌م شێوه‌یه گرنگه دیداری یه‌كێتی قسه له‌سه‌ر شێوازی نوێكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌و ئۆرگانه حیزبییه‌كانمان بكات و كه تاچه‌ند سه‌رده‌میانه و ئامانج به‌خشه؟ چۆن و تاچه‌ند له توانایدایه ئه‌رك و ئامانجه دورو نزیكه‌كانی یه‌كێتییه‌كه‌مان و سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك به‌دی بێنێت؟ چۆن بتوانین داڕشتن و پێناسه‌ی نوێ به‌پێی روح و پێداویستییه‌كان ئه‌مڕۆ~ بۆ رێبازی مامی گه‌وره گه‌ڵاڵه بكه‌ین؟ تا چه‌ند وشیاری حیزبیمان له ئاست گۆڕانكارییه‌كانی سه‌رده‌م و حزبێكی پێشڕه‌وی وه‌ك یه‌كێتییه وچی بكرێت بۆ په‌ره‌پێدانی وشیاری و توانای هه‌ڤاڵانمان؟...هتد.
به‌م شێوه‌یه سه‌رله‌نوێ پێناسه‌كردنی فیكر‌و سیاسه‌ته‌كانی یه‌كێتی له لایه‌ن كادیره چالاک و دڵسۆزەکانی حزب له‌رێی دیبه‌یتی فراوان و هه‌ڤاڵانه ته‌وژمێك و توانایه‌كی به‌هێز ده‌به‌خشێته داموده‌زگا سه‌ره‌كییه‌كانی یه‌كێتی و رۆڵی سه‌ره‌كیش ده‌گێڕێت له بوژانه‌وه‌ی ژیانی سیاسی و حزبی و دیمه‌كراسی بۆ ئۆرگانه سه‌ره‌كییه‌كان، كه بێگومان سه‌ره‌نجام كاریگه‌ری راسته‌خۆ له‌سه‌ر به‌ره‌وپێشچونی پرۆسه‌ی حكومڕانی باش و خزمه‌تكردنی زیاتری هاوڵاتیان جێدێڵێ.
سه‌باره‌ت به ئاستی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیش، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م حزبه ببێته‌وه به پێشه‌نگی گۆڕانكارییه نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، له پێناوی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سپێشخه‌ری سیاسی له هه‌رێمی كوردستان، پێویسته یه‌كێتی پیاچونه‌وه‌ی قوڵ و سه‌رده‌میانه به سه‌رجه‌م سیاسه‌ت و ستراتیجییه‌كانی خۆیدا بكاته‌وه، به‌رنامه‌و پڕۆژه‌ی نوێ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی وه‌ك ناوچه جێناكۆكه‌كان، سیستمی سیاسی هه‌رێم، ئابوری هه‌رێم و په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕاڵی وڵاتانی ده‌ره‌وه، چۆنیه‌تی به‌هێزكردنی پێگه‌كانی حوكمی باش و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌هێزكردنی سیستمی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵا داڕێژێ. هه‌روه‌ها به‌هۆی گۆڕانكارییه خێرا‌و فراوانه‌كانی گۆڕه‌پانی كوردستان وعێڕاق و ناوچه‌كه پێویسته به به‌رده‌وامی خوێندنه‌وه‌ی نوێ و جیاوازی یه‌كێتیانه‌ما هه‌بێ، گرنگه دیداری یه‌كێتی هه‌م ئه‌م خوێندن و دنیابینینه تازه‌یه فه‌راهه‌م و ده‌سته‌به‌ر بكات، هه‌م له‌لایه‌كی تره‌وه شێواز‌و میكانیزمی نوێ و داهێنانه بۆ به‌ئاگابون و خۆگونجاندنی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه هه‌مه‌لایه‌كان ده‌سته‌به‌ر بكات.
با دیداری یه‌كێتی بكه‌ینه وێستگه‌یه‌كی راسته‌قینه‌ی نوێبونه‌وه‌و بونیادنانی یه‌كێتی، جۆشدانی كچان و كوڕانمان به بیروباوه‌ڕی ژیان دۆستی ، كوردستان دۆستی و مرۆڤدۆستی و خزمه‌تی گشتی. هه‌ر نوێبونه‌وه‌كی سه‌رده‌میانه كه ئه‌مڕۆ یه‌كێتی ئه‌نجامی بدات كاریگه‌ری ئه‌رێنی به‌هێزی له‌سه‌ر گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵگاو به‌ره‌وپێشچونی پرۆسه‌ی سیاسی هه‌رێم ده‌بێت، به‌م شێوه‌یه سه‌رمایه‌ی راسته‌قینه‌ی كوردستان~ كه هاوڵاتی كوردستانه~ ده‌بێته‌وه به چه‌قی قورسایی حزبی و حكومڕانی وسیاسی له هه‌رێمه‌كه‌مان.
د.یوسف گۆران
سه‌رپه‌رشتیاری ده‌سته‌ی راوێژكاری مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی