وتار /

ئامانج لە دیداری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

لە لایەن: ئەمین بابەشێخ
بڵاوکراوەتەوە: 2022-02-27

ئامانج لە دیداری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گفتوگۆکردنە سەبارەت به مێژووی کاروانی خەباتمان و درێژەدانە بە رێبازی سەرۆک مام جەلال و وێناکردنی سیاسەتگەلێکی ئایندەیی و واقیعی و نیشتمانییە.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کاروانێکی دوورودرێژی خەبات و مێژوویەکی پڕ لە دەستکەوتی نیشتمانی هەیە. یەکێتی بەسەرکردایەتی سەرۆک مام جەلال و هەڤاڵانی خاوەنی فیکر و تێڕوانینێکی روون و رەوان بوو بۆ تەواوی قۆناغ وسەردەمەکانی ژیان و، هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێی گەلی کوردستان بەسەرکردایەتی سەرۆک مام جەلال، پرۆژەیەکی فیکری هەمەلایەنە بوو بۆ داکۆکیکردن لە دۆزی رەوای گەلی کوردستان.
راگەیاندنی پرەنسیپ و ئەدەبیاتی شۆڕشی نوێش لە بیروباوەڕە سیاسییە نیشتمانییەکانەوە سەرچاوەیان گرتبوو ئەویش لەسەر بنچینەی رێزگرتن لە مافی مرۆڤ و مافی هاوڵاتیبوون بنیات نرابوو.
ئەو تێڕوانینە سیاسییە نوێیەش بوو کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەرەی کوردستانی بەرەو سەرخستنی راپەڕینی ساڵی 1991ی گەلی کوردستانی برد و دواتریش بەهۆیەوە لەساڵی 1992دا یەکێتی سەرکردایەتی پرۆژەی دامەزراندنی ئیدارەی هەرێمی کوردستانی لەڕێی هەڵبژاردنەوە کرد کە بەیەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکان هەژماردەکرێت. هەروەک بیرۆکەی " سیستمی فیدراڵی"یش پرۆژەی سەرۆک مام جەلال و سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو.
یەکێتی هەمیشە تێڕوانینێکی فیکری روون و ئاشکرای هەبووە و پێشبینی وردی بۆ رووداو و پێشهاتەکانی ئایندە لە سەرجەم بوارە سیاسییەکاندا هەبوو و بەچەشنێکی واقیعی و نیشتمانی مامەڵەی لەگەڵ دەکردن، چونکە سەرۆک مام جەلال و هەڤاڵەکانی باوەڕیان بە دیموکراسی و ئازادی و پرسی رەوای گەلەکەیان هەبوو و لەپێناویدا تێدەکۆشان.
ئەمڕۆکەش دەبێت مێژوو و رابردووی پڕ لە قوربانیدان و دەستکەوتی خۆمان بپارێزین، هەروەک پێویستە درێژە بە رێبازی سەرۆک مام جەلال و هەڤاڵەکانی بدەین و لەپێناو ئازادی و دیموکراسی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی خەبات بکەین و " چاکسازی و گۆڕانکاریی" بکەینە بنەمای بیرکردنەوەو کاری رۆژانەمان لە تەواوی بوارەکانی حکومی و حزبیدا.
دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستکەوتێکی گەورەو بڕیارێکی دروست بوو، بەڵام ئەم حکومەت و ئیدارەیەی هەرێمەکەمان پێویستی بە چاکسازیی جددی هەیە، بۆ ئەوەی لەیەک کاتدا خزمەت بەم قۆناغە و هاوڵاتیانیش بکات.
لەمڕۆشدا پێویستە بە رێگا و شێوازی زانستیانە و لۆژیکیانە و دیپلۆماسیانە بەرەنگاری ئاستەنگ و ئاڵینگارییە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئەمنی و سەربازییەکان ببینەوە.
پرۆژەی دیداری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەمەبەستی پتەوکردنی پرەنسیپی" بەردەوامیی ، نوێبوونەوە، بەها نیشتمانییەکانمان و ئایندەمان" و وێناکردنی تێڕوانینێکی سیاسی و نیشتمانیی روون و رەوان بۆ ئایندە دەبێت.

 

ئەمین بابەشێخ
وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

ژمارەی سەردان:
© دیداری یەکێتی - 2023 - مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە.
chevron-down linkedin facebook pinterest youtube rss twitter instagram facebook-blank rss-blank linkedin-blank pinterest youtube twitter instagram