لە پەراوێزی دووەمین دیداردا دیدگای یەکێتی بۆ حوکمڕانی
لە پەراوێزی دووەمین دیداردا
دیدگای یەکێتی بۆ حوکمڕانی
سالار مەحمود
ئەندامی لیژنەی باڵای دیداری یەکێتی
دیداری یەکێتی وێستگەی گفتوگۆی قۆناغی دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانە.
بەشداری کردنی سەرکردایەتی و کادران و دۆستانی یەکێتیە پێکەوە لە گەڵاڵەکردنی ستراتیژی نوێ و پرۆسەی بڕیاردان.
لەهەمان کاتدا تەوەرێکی گرنگی دیدار کە زۆرترین مشتوماڵ هەڵدەگرێ بابەتی “ دیدگای یەکێتیە بۆ حوکمڕانی”.
خەڵکی کوردستان و یەکێتیەکان چەسپاندنی بنەماکانی حکومەتێکی باشیان لا مەبەستە.
ئەوانەی داننانێن بەوەی لەم چەندین ساڵەی رابردوودا حکومەتی هەرێم هەڵەو پەڵەی زۆری هەبووە، دیارە نایەوێ دان بە کەموکوڕیە گەورەکاندا بنێ و مەیلی سیاسی نەک بۆ راستکردنەوە نیە، بەڵکو دەیەوێ لەسەر هەمان رێڕەوی نادروست و خراپ بەردەوامی هەبێت.
رۆژی دوو شەمە ٢٠٢٤/١١/١٨ لە دەباشان یەکەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئامادەکاری دیداری یەکێتی سازکرا.
تەوەرو هێڵە گشتیەکانی دووەمین دیدار دیاریکران.
لەماوەی پێنج مانگدا نۆ کۆنفرانسی ناوچەیی وەک ئامادەکاری بۆ دیداری گشتی لە پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان ئەنجام دران. بەهەزاران لاپەڕە نوسرانەوەو گفتوگۆی تەوەرەکان کران
پرسیارو پێشنیارو پرۆژەی زۆر ئاراستەی لیژنەی باڵای دیدار کراون.
ئێستا وا گەیشتینە دووەمین دیدار لە ٢٠٢٥/٤/٢٣ لەناو ئەو تەوەرە گرنگانەدا
یەکێک لە هێڵە سەرەکیەکان روئیای یەکێتی بۆ حوکمڕانی دەبێت.
حکومەتی باش بە چ مانایەک:
حکومەتی باش بەپێی پێوەری نێودەوڵەتی بۆ حوکمڕانی زانراوە چۆنە. بنەماکانی حکومەتی باش روونن لە کورتترین پێناسەیدا حکومەتی خەڵک و پەیڕەوکردنی شەفافیەت و بێ رۆتین و خزمەتگوزارە.
حکومەتی کوردستان لە پرۆسەی بەناو سەربەخۆیی ئابوری سەرکەوتوو نەبوو، لەهەمان کاتدا کەوتە ژێر باری قەرزێکی زۆری چەندان ملیار دۆلاری، بەڵام هێشتا پەرلەمانی کوردستان نازانن سەرچاوەی ئەو قەرزانەو هۆکاری راستەقینەی ئەو قەرزانە چین، بەم دەرئەنجامە دەردەکەوێت ناشەفافیەتی لە خەرجی و داهات وای کردوە بنەماکانی حکومەتی باش لە بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستاندا ئامادەیی نیە.
لەلایەکی ترەرەوە لە دە ساڵی رابردوودا بە هۆی دابەشبونی سیاسی لەو دەڤەرەی یەکێتی باڵا دەستبوە حکومەتی خۆجێی دابەشکرا بەسەر چەندین لایەندا بە پێچەوانەی ئەو دەڤەرەی پارتی بەپێی واقیع باڵا دەستبوە بەڵام پارتی ئامادە نەبوو یەک لایەن لە غەیری خۆی بەرپرسیارێتی و مافی بەشداری بەڕێوەبردنی پێ بدات.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەوەی کردو تا ئاستێک توانی سەرکەوتوو بێت لە کوژاندنەوەی ئاگری ئاشوبێکی ناخۆیی. بەڵام دوای چەندین ساڵە خەڵکی دەڤەرەکە متمانەیەکی زیاتریان دایەوە بە حزبەکەی خۆیان و لەبەرامبەردا لایەنەکانی تر پاشەکشەی گەورەیان کرد.
لە ئێستاد گفتوگۆی کاراکردنەوەی حکومەتی خۆجێی لە لەهەردوو پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و ئیدارەی راپەێن بووەتە پێویستی ئەم قۆناغە.
لەمەشدا گەرەکە دیدگایەکی نوێ و سەردەمیانە بێتە کایەوە زیاتر کارا کردنی دامودەزگا خزمەتگوزاریەکان.
دیدگای یەکێتی بۆ حوکمڕانی لەسەر بنەمای شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکانە بۆ پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان.
دیدگای یەکێتی قۆرخنەکردنی دەسەڵاتە لە پایتەختەوە، بەڵکو پایتەخت نوێنەرایەتی سیادەو سیاسەتی حوکمڕانی هەرێم بکات بەپێی سیستەمە فیدراڵەکە.
دەسەڵاتەکانی خزمەتگوزاریی و ئیداریی و ماڵی شۆڕبکرێتەوە.
دیدگای یەکێتی بۆ حوکمڕانی لەسەر بنەمای نوێنەرایەتیکردن:
حکومەتی هەرێم نوێنەرایەتی هەموو خەڵکی کوردستان دەکات لەبەرامبەر هەر وەفدو گەل و وڵاتێک.
لە سەردان و دیدارو وەفدەکانی هاتوو رۆیشتوودا نوێنەرانی حکومەتی کوردستان دەبێت خۆیان داماڵن لە بەرگە حزبیە تەسکەکەو توانای حکومەت بۆ کەس و حزب بەکارنەهێنرێت.
بۆ ئەوەی سەنگی هەرێم پارێزراو بێت.
هەر بەردەوام بوونێک لەسەر نەریتە کۆن و سەرنەکەوتوەکانی نوێنەرایەتیکردن هەڵەیەو زیانی زۆر بە پێگەی حوکمڕانی کوردستان دەگەیەنێت.
یەکێتی حکومەتی بۆ خزمەتی گشتی و حوکمڕانیەکی دروست دەوێت.
لەناو حکومەتیشدا مکوڕ ئەبێ لەسەر ئەو بەڵێنانەی لەم سێکتەرە بەخەڵکی کوردستانی داوە.
بۆ نمونە کە وەفدێک دەچێتە بەغدا بۆ چارەسەری کێشەیەکی دیاریکراو پێویستە دۆسیەی چارەسەر لای حکومەت بێت بەمانا فراوانەکەی نەک لای کەس و لایەنێک،
بوونی یەک دۆسیەو یەک مەلەفی چارەسەر پرۆسەی گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەر خێراتر دەکات و هێز دەداتە کوردستان لەبەرامبەر بە بەغدا.
کامە دیدگا بۆ حوکمڕانی:
لە دواین هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٠٢٤/١٠/٢٠
بەرنامەی هەڵبژاردنی یەکێتی داننان بەکەموکوڕیەکان و بونی پلان و بەرنامەی چاکسازیی بوو بۆ حوکمڕانی ئایندە.
ناونیشانی ئەم پرۆسێسەش “ راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی” بوو.
یەکێتی کە لە بنەمادا خاوەنی دیدگای یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو، توانی لە دروستکردنی یەکەم کابینەی حکومەت و دووەم کابینەشدا سەرۆک وەزیران لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بێت.
سیستەمی فیدراڵی بۆ هەرێم و بەغداش لەپەرلەمانی کوردستان چەسپاند.
واتە شاندانە ژێر باری بەرپرسیارێتی. لەیەکەم رۆژی حوکمڕانی کوردستانەوە یەکێتی کۆڵەکە سەرەکیەکە بوە.
دوای سی و سێ ساڵ لە حوکمڕانی چاکسازیی ریشەیی حەتمیەتی ئەم قۆناغەیە.
حوکمڕانی کوردستان پێویستی بە شێوازی نوێی بەڕێوەبردنە بەجۆرێک لەگەڵ پێوەرە گشتیەکانی (good government) بگونجێت.
هەڤاڵانی یەکێتی لەپاڵ تەوەرەکانی تری ژیانی سیاسی وەکو پرسی گەنجان و ژنان و ناوچە دابڕاوەکان و پەیوەندیەکان و پەیکەرو ئۆرگانەکان لە دووەمین دیداردا روئیای یەکێتی بۆ حوکمڕانی تەوەرێکی باڵکێش دەبێت.